Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥، هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ کووپەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا؛ باس لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە کرا، لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هاوکارییەکانی تیمی ڕاوێژکارانی سوپای ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد، کە یەکێک لە کارە گرنگەکان دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بوو لە هەولێر و لە ئێستاشدا بەشی چێشتخانە و کافێ بۆ نەخۆشخانەکە زیاد دەکەن، دواتر بۆ لە نزیکەوە ئاگه‌داربوون لە کەموکوڕی و پێداویستیيەکان، بەشەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان بەسەر کردەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ پزیشکان و ستافی بەشەکان کرد و کارەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند.
شایانی باسە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر ڕۆژانە پێشوازی لە پێشمەرگە و كەسوكاری پێشمەرگە و خاوه‌نپێداويستيى تايبه‌ت و خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكان دەكات و لەسەر چەند ئاستێكی پسپۆڕی، خزمەتگوزاريی پزیشكییان پێشكەش دەكات.