زنجیرە سیمینارەکانی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامن

لە درێژەی زنجیرە سیمینارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیيەکان، ئەمڕۆ سێشهممه ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتيی میرەی گشتيی سەربازی، شەشەمین سیمیناری هۆشیاری، دژی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیيەکان بۆ ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکانی ڕشتە جیاوازەکان بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا، کوردەوان نەقشەبەندی، سەرۆکی دادگهی سەربازيی یەک و سەرۆکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیيەکان، تیشکی خستە سەر ماددە یاساییەکان سەبارەت بە سزادانی بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان، دواتر کاریگەريی ماددە هۆشبەرەکانى لەسەر عەقڵ و جەستەی مرۆڤ خستەڕوو، لەمبارەوە چەند زانیاری و ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەشى بەشداربووان کرد، هەروەها جەختی لهوه کردەوە کە هۆشیاريی یاسایی بەرانبەر ماددە هۆشبەرەکان زۆر گرنگە و پێویستە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بایەخی زیاتری پێ بدرێت، بۆ ئەمەش چۆنیيەتی ڕێکارە یاساییەکانی بۆ ئەفسەرانی بەشداربوو ڕوون کردەوە.
لە بەردەواميی سیمینارەکەدا، محەمەد سدیق، ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بۆ ڕێگری و دژایەتيی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیيەکان، ئاماژەی بە گرنگيی پرۆسەی هۆشیارکردنەوە لەناو یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دا، لەمبارەیەوە ڕێنمایيی پێویستی بە ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکانی ڕشتە جیاوازەکان گهياند، کە بە بەرپرسیارێتیيەوە لە ئەرکەکانی هۆشیاری بڕوانن و پێکەوە هەوڵی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان بدەین. هەروەها باسی له ڕۆڵی گرنگی ئەفسەران کرد لە هۆشیارکردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ دوورکەوتنەوە لەم ماددە زیانبەخشانە.