وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسولی نوێی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژى دووشهممه ٧ی نیسانی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، به ئامادهبوونى عهبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسولی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
شۆڕش ئيسماعيل پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی له کونسولی نوێ کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست لە ماوەی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانيی وڵاتی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرز دەنرخێنین. کە لە ڕێگەی ڕاوێژکارانی سەربازی و ئەفسەرەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە پشتیوانيی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە تایبەت لە پرۆسەی چاکسازی و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە. هەروەها وهزيرى پێشمهرگه هیوای خواست وڵاتی ئیتاڵیا لە ڕێگەی کونسول و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی و پشتیوانیيەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە فراوانتر بکەن.
کونسولی نوێی ئیتاڵیا، دڵخۆشيی خۆی به سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دهربڕى و ئومێدی کاری پێکەوەيی و هەماهەنگيی زیاتری خواست لە نێوان هەردوولادا، ههروهها جەختی لە بەردەواميی هاوکارییەکانی ئیتاڵیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.