بەڕێوەبەری گشتیی تاکەکان و خۆبەخشانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥، حیکمەت عومەر عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی تاکەکان و خۆبەخشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تاکەکان و خۆبەخشەکان و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بۆ ئەمەش فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان ستایشی هەوڵ و ماندووبوونەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاکەکان و خۆبەخشەکانی کرد، لەپای هەوڵ و ماندووبونەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان.
هەر لە دیدارەکەدا باسیان لە دروستکردنی هەردوو فەرماندەییی دەڤەری یەک و دوو و دروستکردنی فیرقەکان و لیواکان کرد، کە بەپێی نەخشەڕێگەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە پرۆژەیاسای چاکسازیی هێزی پێشمەرگە بریاری لێ دراوە.
جەنەڕاڵ هام پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپات کردەوە، بە مەبەستی باشترکردن و خێراترکردنی کاروبارەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕایگەیاند: ڕیفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، ئیرادەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازی، جێگەی دڵخۆشییە و دڵنیام لە داهاتوودا هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەبێتە هۆکارێک بۆ هەبوونی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی و ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان و پاڵپشتان دەبین.