Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ڕاب براندستێتەر، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەكه‌دا کە دلێر تاهير، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی ئەرکان ئامادەی بوو؛ پێشخستنی پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا خرانه‌ بەر باس و هەردوولا بە گرنگیيەوە لەم بابەتەیان ڕوانی و هاوڕا بوون لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی.
سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوە دا کە: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا هەم دەستنیشانی ئەو بەرەوپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەی سەربازی بەدەست هاتوون و هەمیش پابەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر، بە ئامانجی پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت.