وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق کرد

ڕۆژی سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە ئیڤان یوریک، باڵیۆزی کۆماری کرواتیا لە عێراق کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون. وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ باڵیۆزی کرواتیا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کرواتیا کرد و دۆخی گشتیی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل ستایشی ڕۆڵی باڵای وڵاتی کرواتیای کرد و ڕایگەیاند: وڵاتی کرواتیا بەردەوام هاوکار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بە تایبەتی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی کارا و کاریگەریان هەبووە.
باڵیۆزی کرواتیا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، پاڵپشتی و پشتیوانیی کۆماری کرواتیای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند: دڵخۆشین پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانیی بەهێز، پارێزەری ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانە، بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازی دەبین.