وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد کرد

ڕۆژی دووشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ سکۆت، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی باڵای بەرگری باسیان لە دوایین گۆڕانکاری و ڕەوشی سەربازی و سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەیان لە ناوچەکەدا، گفتوگۆ کرا.
شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە لە چاکسازییەکانی بەردەوامە، سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە، توانیومانە هەنگاوی خێرا و جددی بنێین؛ بە پشتیوانی و پاڵپشتیی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان.
جەنەڕال سکۆت، پاڵپشتی و پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە، گوتیشی: دڵخۆشین چاکسازی لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە بنەما و بەرنامەی کارکردنتان، لەم پێناوەشدا پشتیوانیەکانمان بەردەوامە بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.