پەیامی پیرۆزباییی وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە

پەسەندکردنی بڕگەکانی پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جێگەی دڵخۆشیی هەموو خەڵکی کوردستان و خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجەیە.
ڕۆڵی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەرز دەنرخێنین، کـە بەردەوام پێداگر و داکۆکیکاربوون لە پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە بۆ هەڵەبجە.
یەکڕیزی و یەکدەنگیی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیاسایە، ئەو ڕاستییەی بۆ دووپات کردینەوە کە هەر کات گەلی کوردستان یەکڕیز و یەکدەنگ بووبێت لە بەدەستهێنانی مافەکانیدا سەرکەوتوو بووە.
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بوو، لەئەمڕۆوە قۆناغێکی نوێ لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون و خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە پێویستە بێتە ئاراوە، ئەمەش کەمترین وەفایە لە بەرانبەر قوربانیدانی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥