کۆنفرانسی "دەستپێشخەريی ئامادەیيی پزیشکيی پێشمەرگە" بەڕێوەچوو

ڕۆژى دووشهممه ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئيسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی و فەرماندەی فەرماندەیيی زێرەڤانی و نوێنەرانی هێزەکانی (٧٠ و٨٠) و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری پزیشکيی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی (سپێرت ئۆف ئەمهریکا)، کۆنفرانسی دەستپێشخەريی ئامادەیيی پزیشکيی پێشمەرگەی، بە ئامانجی بەدیجيتهڵکردنی کاروبارەکان و پەیوەنديی ڕاستەوخۆی یەکە سەربازییەکان لە حاڵەتە نەخوازراوەکان و کاتی جەنگ و ئاشتی، بە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری پزیشکيی وەزارەتی پێشمەرگەوە، له شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
کە دهرەئەنجامی مەشق و ڕاهێنانی پزیشکيی پێشکەوتوو بوو، کە تیایدا (١٢٥) ئەفسەر و پێشمەرگەی یەکە سەربازییەکان، لەسەر ئاستی لیواکان و فیرقەکانی پیادەی هێزی پێشمەرگە بەشدارییان تێيدا کردووە.
لە سەرەتای مەراسیمەکە، گوتاری بەخێرهاتن لەلایەن شاخەوان ئەنوەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری پزیشکی خوێندرایەوە، دواتر ڕەزا ئیسماعیل سنیار، بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی تیشکی خستە سەر گرنگيی ئەم پرۆژەیە و بە بنەمای پێشخستنی کەرتی تەندروستيی پێشمەرگەی زانی، بە تایبەت ئەم سیستەمەی بە خاڵێکی وەرچەرخانی ڕێکخستنەوەی کاروباری تەندروستيی هێزی پێشمەرگە دانا، کە ئامادەیيی پزیشکيی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات بە دەسپێک و هەنگاوێکی سەرەکيی بەدیجیتاڵبوونی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، بۆ لایەنی سەربازی و تەنانەت کەرتی گشتیش دادەنرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیرى پێشمەرگە گوتارێکى پێشکەش کرد و گوتی؛ بەرەوپێشچوونەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووبارە ئەمڕۆ هەموومانی لێرە کۆکردووهتەوە، دڵخۆشین لەم مەراسیمەدا بەدیجیتهڵکردنی کاروباری پزیشکيی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنین، ئەم گەشەسەندنە لە بواری پزیشکيی سەربازی، سەرکەوتن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەم بەرنامە ئەلیکترۆنیيە بۆ زانین و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیيی پزیشکییە لە سەرجەم یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا، ڕاستەوخۆ لەم ڕێگەیەوە بەڕێوبەرایەتيی کاروباری پزیشکی لە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان ئاگهدار دەبن، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و پزیشکان و کارمەندانه دەکەم کە لەم بەرنامەیەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و هیوادارم بەردەوام بن و بیرۆکەی نوێ بهێننە ئاراوە، کە زیاتر خزمەت بە بواری پزیشکيی سەربازی بکات و ئێمەش لە وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین، هەروەها سوپاسی ڕێکخراوی (سپێرت ئۆف ئەمهریکا)، دەکەم کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانی دڵسۆزانەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ڕۆڵی گرنگی داراییان هەبووە لەم دەستپێشخەریيەدا.
وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا لە قۆناغی گەشەسەندن و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردایە، تموحی زۆرمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ژێرخانی سەربازيی وەزارەتی پێشمەرگە پتەوتر بکەین، گەندەڵی و ڕۆتینات نەهێڵین و گیروگرفتەکانی بەردەم چاکسازی چارەسەر بکەین، هەموو ئەم دەستکەوتانە و زیاتریش بۆ بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلەکەمانە، کە کوردستان ببێت بە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی، دڵنیاشبن، بە پشتیوانيی ئیرادەی گەلەکەمان و سەرکردایەتيی کورد و دڵسۆزانمان لە هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بە تایبەت ئەمهریکا، دەتوانین سوپایەکی بەهێزی کوردستانی لە ناوچەکەدا بنیات بنێین، کە پارێزەری خەڵک و خاکی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بێت.
لە بەردەواميی ئەو کۆنفرانسەدا، زاک بازی، بەڕێوەبەری هەرێميی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوەندی ئاسیا لە ڕێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمهریکا، لە گوتەیەکدا گوتی؛ ئەمڕۆ ئێمە بە دڵخۆشی و پارێزراوی لێرە کۆبووینەتەوە، کە ئەمە خۆی گهواهيدانه لەسەر قوربانیدان و بوێريی ئافرەتان و پیاوان لەناو ڕيزەکانی پێشمەرگەدا، لە کاتێکدا ئێوە کار دەکەن بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نوێبکەنەوە، دووبارە پەیکەری وەزارەت و هێزەکان ڕێکبخەنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ چەرخی سەدەی بیست و یەک بگونجێت، بۆ ئەمەش ڕێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمهریکا لەگەڵتان دەمێنێتەوە و هاوکارتان دەبێت و هەوڵ دەدات دەرفەتی مەشق و ڕاهێنان لە ئەمهریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بڕەخسێنیت، ئێمە سیستەمی کامێرای چاودێریمان لە چەندین شوێن لە بەرەکانی جەنگ بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرد کە لە کاتی شەڕی دژی داعش و ئێستاش بۆ چاودێریکردنی دوژمن سوودی لێ وەردەگرن.
زاک بازی ئاماژەی بەوەش دا: لە بواری تواناسازییەوە یارمەتيی وەزارەتی پێشمەرگە دەدەین و لە ئەنجامی چەندین ساڵ کارکردنمان بەیەکەوە لەگەڵ پێشمەرگە هاوبەشیيهک دروستبووە کە پڕە لە گیانی بەیەکەوەکارکردن، ئەم كاركردنى بهيهكهوهييهش لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە وا دەکات لەڕووی تەکنەلۆجیا و کۆکردنەوەی زانیاری، شیکردنەوە لەسەر پێشمەرگە و کاروباری پێشمەرگە ئاسانتر بێت و ئەمەش لە ئەنجامی سەرکردایەتی و پیشەگەرایەتيی هاوڕێیان و تیمەکانمانە بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە.
ستیڤ بیتنەر کونسولى گشتيى ئەمهریکاش گوتارێکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند؛ ئامادەبوونتان شایەتی گرنگی دەستپێشخەرییە بۆ پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئەمهریکا و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بە ڕۆڵی ڕێکخراوی سپێرت ئۆف ئەمهریکا و (زاک بازی) بەڕێوەبەری هەرێميی ڕێکخراوەکە بکەم لە هاوکاری و هەماهەنگیيان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێکردنی پلاتفۆرمی بەدیجيتهڵکردنی ئامادەباشيی پزیشکيی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە بەڕێوەبردنی کاروباری پزیشکيی پێشمەرگە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕەنگدانەوەی چەندبارەی هەیە لە ڕێکخستنەوەی کارەکان و ئەم بەرنامەیەش چەندین ئەفسەری سەربازی کە لە بواری تەندروستی کار دەکەن، تەکنیک و ڕێگهی باشیان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی زانیاريی کەسيی پێشمەرگەکان تۆماربکات و سوود لە زانیارییەکان وەربگرن و ئەم پلاتفۆرمە بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە پیشەگەر بکەین و ئێمە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لە بواری ڕاهێنانی پزیشکی و بواری جۆراوجۆر یارمەتيی پێشمەرگە دەدەین و ئەم یارمەتیيە ژیانپارێزییە و یارمەتيی پێشمەرگە دەدات، بۆ ئەوەی تواناکانی پێشمەرگە بەهێز بکات و بتوانێت بەرپەرچی هەڕەشە جیاجیاکان بدەنەوە. هەروەها سەرچاوەی پزیشکيی پێویستیان لەبەردەست بێت، ئێمە بەیەکەوە هەرێمێکی سەقامگیرتر و پارێزراوتر دروست دەکەین.
لە کۆتاییدا، خەڵات و دیاريی ڕێزڵێنان پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنفرانسەكه کرا، بە نمایشکردنی کورتەڤیدیۆی پرۆژەی ئامادەیيی پزیشکيی هێزی پێشمەرگە کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات.