وەزیری كاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی نوێی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژەنەراڵ ڕیڤێرا، فەرماندەی نوێی دەستەی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و تیمی سەربازیی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت ئامادە بوون.
وەزیری پێشمەرگ، سەردانەکەی بە گرنگ و پڕبایەخ وەسف کرد، بە تایبەت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بە بۆنەی ئەرکی نوێی جەنەڕاڵ ڕیڤێرا، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لێ کرد و گوتی: "
دڵنیاین ژەنەراڵ ڕیڤێرا، لە ماوەی ئەرکەکەیدا، دڵسۆزی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەبێت، بە هەوڵی ئەو پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە فراوانتر ببێت ".
دەربارەی دۆخی ئێستای هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دوا دەرەنجامەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ کرا،
وەزیری پێشمەرگە دووپاتی کردەوە؛
بەردەوامن لە پرۆسەی چاکسازی بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان، هەوڵەکان چڕ کراوەتەوە بۆ سەرخستنی چاکسازی، بە ئامانجی ئەوەی هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دوو ناوچەی سەرکردایەتی و فیرقەکانی پیادەدا، ڕێک بخەینەوە.
جەنەڕاڵ ڕیڤێرا، لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی گوتی: "
هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستکەوتی زۆری "بەدەستهێناوە لە پرۆسەی چاکسازی، هیوامان وایە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت ".
لە کۆتاییدا، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیان، لەسەر ستراتیژی ئایندە و کاری پێکەوەیی و هەمانگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان کرد.