Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە: "بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی بوونەتە ئاوێنە گەورەکە و لە هەر کوێیەک ناڕێکییەک هەبێت پیشانیدەدەن"

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تیمێکی ئەفسەرانی پشکنەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەت کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی پێشمەرگە، گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەشداریکردنیان لە خولێکی ڕاهێنان لە شاری بەغدا و بەدەستهێنانی پلەی بەرز کرد و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی وەزیری پێشمەرگەیان کردبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لیوا د.عەبدولعەزیز حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی پشکنینی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی پلەباڵا تیایدا بەشداربوون، وەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، ئەفسەر و کارمەندەکانیان بوونەتە ئاوێنە گەورەکە و لە هەر کوێیەک ناڕێکییەک هەبێت پیشانیدەدەن. چارەسەرکردنى هەموو کەم و کوڕییەکان کارێکى ئاسان نیە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنى هەر گرفتێک پێویستمان بە ئیرادەى بەهێز و بەردەوامیدانە؛ هەوڵ دەدەین کە پشکنین بە شێوازێکى زانستییانە ئەنجام بدرێت، تا ڕۆڵێکى سەرەکیى ببینن لە یەکخستنى هێزەکان و چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە لە ئایندەدا و هیچ پلانێکیش بە بێ ڕێکخستن و چاودێرىکردن جێبەجێ نابێت".

دواتر بە هۆی کارامەیی و لێهاتووییان و بەدەستهێنانی پلەی باڵایان لە خولی ڕاهێنان کە لەشاری بەغدا ڕێک خرابوو، لە لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە پێنج ئەفسەری پشکنەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەفسەرانی پشکنەر، خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا کە کارەکانیان بووەتە مایەی ڕەزامەندیی وەزیری پێشمەرگە و ستافی وەزارەت؛ بەڵێنیان دا کە هەمیشە بە دڵسۆزانە و لەخۆبردوانە ئەرکەکانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بکەن.