پشکنینی لەناکاو بۆ لیوای ٢١ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەنجام درا

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پشکنینی لەناکاویان بۆ لیوای ٢١ی سەر بە فیرقەی یەکی پیادە ئەنجام دا.
پشکنینەکە لەلایەن لیژنەیەکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتی لیوا د.عەبدولعەزیز حەمید ناسراو بە (حەسەن عەسکەری)، بەڕێوەبەڕی پشکنینی گشتی، ئەندامێتی ژمارەیەك ئەفسەری پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام درا.
ئەم پشکنینە لە کاتێکدایە، کە پێشتر لیژنەکە پشکنینی فێرکاریی بۆ لیوای ٢١ی پیادەی فیرقەی یەک ئەنجام دابوو، تیایدا چەند ڕێکار و ڕێنماییەکیان پێدا بوون؛ پشکنینی لەناکاو وەك هەڵسەنگاندنێکە بۆ دیاریکردنی ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان و دیاریکردنی کەموکوڕییەکانی سەرجەم بەشەکانی لیوا.
شایانی باسە، پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری، پشکنینی بەدواداچوون، پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دەگرێتەوە.