Skip to the content

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پڕۆژەی دروستکردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی زانیاریی تاووتوێ کرا

ڕۆژی سێشەممە، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لیوا عوسمان محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کاپتن هانزی ڕاوێژکاری میدیایی ئەڵمانیا و تیمێکی ڕاوێژکارانی میدیایی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری هۆشیاری و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامادەبوون، باس لە دروستکردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی زانیاری لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە کرا و یەکەم هەنگاوی پراکتیکیی لەسەر چۆنیەتیی دروستکردنی سەنتەرەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

شاندی هاوپەیمانان باسێکی وردیان لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی ئەو سەنتەرە لەناو سوپاکانی وڵاتەکانیان کرد؛ پاشان وێنە و نموونەی نوێیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد؛ بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر بنەما و تیۆری کارکردنی خۆیان ئەم پڕۆژەیە بخەنە سەرپێ و دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە بکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراندنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی زانیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیشاندەری هاوکاریی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانە لەم پڕۆژەیەدا. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر گرنگیی دروستکردنی ئەم سەنتەرە وەک بنەمایەک بۆ جێگیرکردنی متمانە لەلای لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ لەبارەی چاکسازی و نوێکردنەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەری گشتی، ئەم هەنگاوەی وەک پێشکەوتنێکی گرنگی ئەمنی و دروستکردنی ژێرخانێکی نوێ لە وەزارەتی پێشمەرگە وەسف کرد، کە دەرخەری بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و وەزارەتی پێشمەرگەش هەنگاوی پراکتیکیی دەنێت، بۆ بەرزکردنەوەی توانا و باشترکردنی سیستەمەکانی زانیاری و هۆشیاری، بە بەکارهێنانی ئەزموون و تەکنەلۆژیای نوێی سەربازیی جیهانی.