Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە: هیوادارین لە ساڵی نوێدا هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە فراوانتر بکرێن

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک، بەرپرسی گروپی سەربازیی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدا ئامادەبوو، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی لە بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری کرد و هیوای خواست ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئارامی بێت بۆ گەلی کوردستان و گەلانی جیهان. 

هەروەها دەربارەی بەرنامەی کاری پێکەوەیی نێوانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ گفتوگۆیان کرد؛ دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان پێکەوە تاووتوێ کرد و وەزیری پێشمەرگە گوتی: "هیوادارین لە ساڵی نوێدا، هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان فراوانتر بکرێت".

کۆڵۆنێل پایلویک، خۆشحاڵ بوو بەم دیدارەی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزارەت؛ بە گرنگییەوە باسی لە ئامادەسازییەکان بۆ ساڵی نوێ کرد. هەروەها بەرنامەی کاری پێکەوەییی دووپاتکردەوە و بەڵێنی پشتیوانی و پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.