Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازی کۆبوونەوەی سەرەتایی مەشقی دروستکردنی بڕیاری بەڕێوە برد

ڕۆژی دووشەممە، ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە ژێر ڕۆشنایی سەرۆکایەتیی ئەرکان و بە ئامادەبوونی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی (میرەی گشتی، جموجۆڵی سەربازی، هێزەکانی پشتیوانیی یەک و کۆلێژی ئەرکان، فەرماندەی فیرقەی حەوتی پیادە)، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازی، کۆبوونەوەی سەرەتایی مەشقی دروستکردنی بڕیار بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پڕۆسەی دروستکردن و بڕیاردان لە بواری سەربازیی (عملیة صنع القرار)، بە تێروتەسەلی خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە؛ لە هەمانکاتدا تیشک خرایە سەر بەردەوامبوون لە پێدانی زانیاری و هۆشیاری و مەشقی مەیدانی بۆ فیرقەی حەوتی پیادە. هەروەها بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە و ئاراستەکردنی کارەکان بۆ دەستپێکردن و دەستنیشانکردنی ئەگەرە پێویستەکان وەک دەستپێکی ئامادەکارییەکان بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە ئامادەبووەکان ڕوونکرایەوە، بۆ ئامادەباشی و دەستپێکردنی کارەکان.

لە کۆتاییدا، هاوپەیمانان دووپاتکردنەوەیان لەسەر بەردەوامیی خۆیان لە پێدانی ڕاوێژ و پشتیوانی و بەشداریکردن لە مەشقپێکردنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و جەختیان لەسەر گرنگی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە کردەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی و توانای سەربازی و پتەوکردنی هاوکاری و هاوسەنگی نێوان هێزەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی زانیاری و ئەزموون، پەیڕەوکردنی باشترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مەشق و ئامادەکاریی سەربازیدا، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.