سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا کرد
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا و نیکۆڵۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرا و تەرکیز خرایە سەر پەرەپێدانی پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش، لە بوارەکانی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی جەنەڕاڵ لوتشیانۆ دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە سوپاس و ڕێزەوە لە هاوئاهەنگییەکانی ڕاوێژکارانی ئیتاڵیا دەڕوانێت و هیوای خواست کە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستێکی بەرزتر بەردەوام بن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەرکەکانیان لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیاوە، مایەی پێزانینە، بەتایبەت کە ئیتاڵیا وڵاتێکی گرنگی ناو هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی و شەڕی دژی تیرۆرە؛ لە ڕابردوودا لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان، هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە و لە ئێستاشدا لە بواری ڕاوێژ و چاکسازیدا، هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.
هەر لەو سەردانەیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا، هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەسەر کردەوە. لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تیمەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ، دەستخۆشی لە ڕاوێژکارانی سەربازیی سوپای وڵاتەکەی کرد و ستایشی ئەو ئاستە پێشکەوتووەی کرد، کە هێزەکانی پێشمەرگە پێی گەیشتوون، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان و پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا. هەروەها ڕۆڵی پیشەیی پێشمەرگەی لە پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئارامی بەرز نرخاند.