سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە مولحەقی سەربازیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا کرد
ڕۆژی سێشەممە، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ گرایم وێرماوث، مولحەقی سەربازی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد؛ کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و ماڵئاوایکردن لە ستافی باڵای وەزارەت سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد.
لە دیدارێکدا، کە لیوا روکن محەممەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەبوو، باس لە چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە وەزارەتی پێشمەرگە و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی ئەرکان، وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی باڵای جەنەڕال گرایم وێرماوث لە هەماهەنگیکردنی زیاتر لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیمی سەربازیی بەڕیتانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی ڕاوێژکارانی سەربازیی بەریتانیا و پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ هێزی پێشمەرگە لەم قۆناغەدا بە پێویست زانی.
جەنەڕاڵ وێرماوث، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە ماوەیەک لەگەڵ پێشمەرگە هەماهەنگی کردووە و بەڵێنیدا کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرچاوڕوونی پێویستیشی بە ڕێککەوتنمانەی لێکتێگەیشتنی عێراق و بەریتانیا دا.