Skip to the content

لە دیوانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە وۆرکشۆپی "یاسای ناکۆکيی چەکداری" بەڕێوەچوو

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و تیمێکی باڵای کۆمیتەی نێونەتەوەیيی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری یاسایيی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەفسەرانی وەزارەت، بە هەماهەنگيی کۆمیتەی نێونەتەوەیيی خاچی سوور، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە (یاسای ناکۆکيی چەکداری) و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پاراستنی بەها مرۆییەکان بەڕێوەچوو.

بابەتی وۆرکشۆپەکە لەلایەن بەرپرسان و شارەزایانی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر پێشکەش کران، تێيدا زانیاری و ڕوونکردنەوەیان لەسەر یاسای ناکۆکيی چەکداری خستەڕوو، هاوکات لە چەندان تەوەردا ماددە و خاڵەکانی یاسەکە و کاریگەری و ڕەهەندە یاسایی، مرۆیی و جەنگیيەکانیان شیکردەوە.

لە بەردەوامی وۆرکشۆپەدا، چالاکیيەکانی پارێزگاریکردن لە کۆمیتەی نێونەتەوەیيی خاچی سوور و ڕێککەوتنامەکانى جنێف و یاسا نێودەوڵەتیيەکانى مافى مرۆڤ، یاساى جەنگ، ململانێیە ناوخۆیى و دەرەکیيەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە پێکدادانە چەکدارییەکان و پابەندبوون بە پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ خرانه‌ ڕوو.

یاسای ناکۆکیی چەکداری، کۆمەڵێک ڕێسان، مەبەستیان سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ناکۆکیی چەکدارییە لەسەر مرۆڤەکان و کەسانی ناسەرباز و سڤیل،

ئامانجەکانی ئەم یاسایانە، پاراستنی کەسانێکە کە بەشداری لە شەڕەکاندا ناکەن یان برینداران، دیلەکان مافی سەلامەتیی ژیانیان هەیە. هەروەها سنووردارکردنی ئەو چەک و شێوازانەی کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێن لە شەڕدا، جگە لەوە پاراستنی ژینگە و ژێرخانە مەدەنییەکان لە کاتی پێکدادانە چەکدارییەکان.