لە مانۆڕێکی سەربازی لە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەك چەکە قورسەکان تاقیکرانەوە
بەمەبەستی پیشاندانی توانای فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەك، ڕوژی دووشەممە، ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، عبدالخالق بابیری بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، بەرپرسانی باڵای هاوپەیمانان و نوێنەری فەرماندەیی دەڤەری یەک، ژمارەیەك ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، بە سەرپەرشتیی فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەك، لە بناری چیای پێرس مانۆڕێکی سەربازی بە ناوی (شێر) ئەنجام درا.
ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە، پیشاندانی توانا و بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی ئەفسەر و پێشمەرگەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەکە. ئەمەش دوای ئەوەی، کە هێزەکانی پشتیوانیی یەك، لە چوارچێوەی پلانی مەشقی بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، ٩ خولی پێشکەوتوو لە بوارەکانی (بنەڕەتی تۆپخانە، تانک، زرێپۆش، هاریکار (معین)، کارپێکەرانی تۆپ (قداح) ئەندازەیی، پیادە و بێتەڵ) و چەندین خولی سەرەتایی و مامناوەندیان ئەنجام داوە؛ تیایدا زیاتر لە (٦١١) ئەفسەر و پێشمەرگەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەك، مەشق و ڕاهێنانیان لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجام دا.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، لە بناری چیای پێرس، بەشداربووانی خولەکە بەوپەڕی لێوەشاوەیی و توانایەکی بەرزی ئەکادیمییەوە، مانۆڕێکی فراوانیان بە ناوی مانۆڕی "شێر” نمایشکرد و توانیان بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک لە چەکی قورس، مامناوەند و چەکی سادە، مانۆڕەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە تەواو بکەن.