Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە مولحەقی سەربازیی بەریتانیا کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەمید گرایم وێرماوث، مولحەقی سەربازی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی ڕاوێژکاری سەربازیی باڵای وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد؛ کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و ماڵئاوایکردن سەردانی وەزیری پێشمەرگەی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدا ئامادەبوو، وەزیری پێشمەرگە، سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی باڵای گرایم وێرماوث دەربڕی؛ کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا هاوکاریی زۆری پێشکەشی هێزی پێشمەرگە کردووە، لە ڕاهێنانی سەربازی و پاڵپشتییەکانی بۆ هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیمی سەربازیی بەڕیتانیا لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، گفتوگۆی چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە وەزارەتی پێشمەرگە، بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیمی سەربازی و ڕاوێژکارەکانی وڵاتی بەریتانیا کرا. وەزیری پێشمەرگە ڕاشیگەیاند: "پاڵپشتیی زیاتری هێزەکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، لەم بارودۆخەدا کە تیرۆر هەڕەشەیەکی بەردەوامە پێویستە".
   
عەمید گرایم وێرماوث، دوای نیگەرانی لە بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی بەردەوامیدانی بە پشتیوانییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: "وڵاتی بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان". هەروەها لەبارەی  ڕێککەوتنمانەی لێکتێگەیشتنی عێراق و بەریتانیا، بەرچاوڕوونی زیاتری خستە ڕوو، هیواشی خواست بەم نزیکانە جێ بە جێ بکرێت، کە چەندین خاڵی گرنگ و پڕبایەخی بۆ هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان لەخۆ گرتووە.