Skip to the content

کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەربازيی سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، فەرماندەی فیرقەکانی پیادە و ژمارەیەك ئەفسەری باڵای وەزارەت بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی، کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، حه‌سه‌ن عەسکەری، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و ئامانج و مەبەستەکانی ئەنجامدانی کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتیيه‌كه‌ى خستەڕوو، دواتر وەزیری پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی دەربڕی، کار و چالاکییەکانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌ى بە کارێکی گرنگ و پێویست زانی بۆ بەرەوپێشبردنی کاروبارەکانی یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەمان کاتدا داوای کرد لەپاڵ بەرەوپێشچوونی زانستە سەربازییەکاندا هۆشیاريی نەتەوەیی و نیشتمانی لەلایەن هەموو یەکەکانی سەر بە وەزارەت، بایەخی زیاتری پێ بدرێت، هەر کەسێك لای خۆیەوە خۆی بە بەرپرس بزانێت لەم بوارەدا.

پاشان سەرۆکی ئەرکان وتەیەکی پێشکەش کرد و تێيدا ئامادەیيی خۆی پێشان دا بۆ پشتیوانیکردن و دابینکردنی سەرجەم پێداویستیيەکانی بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کار و چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، هەروەها گوتی: ئەرکی پشکنینی گشتی لە ساڵی نوێدا زۆر قورستر دەبێت، چونکە لە ساڵی نوێدا لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا، سەرجەم یەکە سەربازییەکان یەك دەخرێنەوە، بەمەش ژمارەی یەکە سەربازییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە پێشووتر زياتر ده‌بێت.

هه‌ر لە کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەبەرایەتييه‌كه‌ ڕاپۆرتێکى لەبارەی کار و چالاکیيەکانی ساڵی ٢٠٢٥ پێشكه‌ش كرد. دواتر وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆكى ئه‌ركان بڕوانامه‌ و خه‌لاتى ڕێزلێنانيان به‌خشييه‌ ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌كه‌، كه‌ به‌شدارى خولێكى تايبه‌ت به‌ پشكنينى گشتييان كردبوو له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق.

شایانی باسە بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتيی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانی ساڵانەدا، بە مەبەستی باشترکردنی ڕاپەڕاندنی ئەرك و کارەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان، پشکنینی فێرکاری، پشکنینی بەدواداچوون، پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو بۆ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات.