Skip to the content

یەکەی یەکسانیی ڕەگەزی سیمینارێکی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ساز کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، یەکەی یەکسانیی ڕەگەزیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاریی ڕێکخراوی (ئێمە)، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، سمینارێکی لەژێر ناونیشانی "بەشداریی هاوسەنگانەی ژنان لە دامەزراوەکان و دروستکردنی بڕیار" ڕێکخست، کە ٢٥ ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی و یەکە جیاوازەکانی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان تێیدا کرد.

بەهار عەلی قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە، باسی چەمکی یەکسانیی ڕەگەزی کرد و ڕوونکردنەوەی دا لەسەر پرۆسەی ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی دامەزراوەکان، هەروەها کۆی کایە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستەنگەکان باسکران.

بەشداربووان لە دوو خولی گفتوگۆدا کە دوو کاتژمێری خایاند، بابەتەکەیان فراوانتر کرد، لایەنێکی بایەخپێدراوی سمینارەکە تەرکیز کردنبوو لەسەر بەرنامە و ئامانجە ستراتیژییەکانی یەکەی یەکسانیی ڕەگەزی، کە هەنگاوە پێویستەکان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی دەگرێتەوە کە پشتگیری لە بەشداریی ئافرەتان دەکات. هەروەها جەخت لەسەر بەگەڕخستنی تواناکان و لێهاتوویی کە دەبێتە هۆی پێشخستنی گەشەی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بڕیارە گرنگەکان کرایەوە.

ئامانجی سەرەکیی ئەم سمینارە، زیادکردنی بەشداریی کاریگەری ژنان بوو لە پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دروستکردنی بنەمایەکی بەهێز بۆ دابینکردنی دەرفەتی یەکسان لە هەموو ئاستەکانی دامەزراوەی وەزارەتدا، کە ئەمەش بەشێکە لە هەوڵی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی تەواو لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.