سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەردانی لیوای چواردەی پیادەی لە چیای قەرەچوغ کرد

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، دۆخی سەنگەرەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پەرەپێدانی توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگەى گەنگەشە کرد.
ڕۆژی شەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٥، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میره، ههروهها بەرپرسی جموجۆڵی سەربازیی وەزارەت، سەردانی بارەگای لیوای (١٤)ی پیادەی، سەر بە فیرقەی یەکی وەزارەتی پێشمەرگەیان لە چیای قەرەچوغ کرد و لەلایەن فەرماندەی لیوا و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
فەرماندەی لیوای (١٤)ی پیادە پوختەیەکی لەبارەی جوگرافیای ناوچەکە و سنووری ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە باس كرد و ئامادەییی هێزی پێشمەرگەشی لە سنووری ئەرکی لیواكه دەربڕی، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، پاشان سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستە سەر توانای هێزی پێشمەرگە، بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە.
دواتر سەرۆکی ئەرکان و تیمی یاوەری سەردانی سەنگەرەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە زنجیرە چیای قەرەچوغ کرد و لە نزیکەوە لە توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگەیان لە ناوچەکە ڕوانی و پاشان گفتوگۆیان لەبارەی پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە کرد، هەروەها جەختیان لە تۆکمەییی سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگە کردەوە.