سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژى پێنجشهممه ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ڕاب براندستێتەر، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو دیدارەدا، برەودان بە زیاترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، هەروەها بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی و درێژەدان بە کاری هاوبەش و ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی کە لەمدوایيە لەلایەن فەرماندەییەکانی هێزی پشتیوانيی يهك و دوو، بە ههماهەنگيی هاوپەیمانان ئەنجام دران، خرانه بەرباس.
لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، هەردوولا بە گرنگیيەوە تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستن و ڕاستەڕێکردنی بواری مەشق و ڕاهێنان، خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ دەستبەکاربوون و دامەزراندنی فیرقەکان و یەکخستنەوەی هێزەکان لەو چوارچێوەیەدا.