هێزی پێشمەرگەی کوردستان پيلانێکی تیرۆرستانی داعشی پووچەڵ کردەوە

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشهممه ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، شانەیەکی نووستووی گرووپی تیرۆرستی داعش لە سنووری گوندەکانی دوزخورماتوو بە دیاریکراوی لە دەوروبەری گوندی دوراجی و غەررە، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا پەلاماری چەند شوانکارێکیان دا، لەئەنجامدا ڕووبەرووبوونەوە لە نێوانیان دروستبووە.
دوای ئاگهدارکردنەوە، دەستبەجێ هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بە مەبەستی بە هاناوەچوونی شوانكار و خەڵکی ناوچەکە روویان لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکە کرد و تواندرا شوانەکان بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتن.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوەیە و بە ورە و دەستێکی پۆڵایين ڕووبەڕووی هەموو جوڵە و کردوەیەکی تیرۆرستانی داعش دەوستێتەوە.