وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە ڕاوێژکاری باڵای بەرگريی بەریتانیا کرد

ڕۆژى دووشهممه ١٠ـی شوباتی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ جۆن فۆستەر، ڕاوێژکاری باڵای بەرگری لە کونسولخانەی شانشینی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و ڕاوێژکاری باڵای بەریتانیا باسیان لە دۆخی ئەمنی و سیاسيی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. ههروهها لهبارەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا گفتوگۆیان کرد.
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگیيەوە باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەکانی گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنی کۆلێژى ئەرکان و هەردوو کۆلێژى سەربازی لە هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە ستایشی پشتیوانيه بەردەوامهكانى سوپاى بەریتانیای کرد بۆ وەزارەت و ئەم گۆڕانکاریيانەی لە پرۆگرامی خوێندنی کۆلێژه سەربازییەکان بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەسف کرد.
ڕاوێژکاری باڵای بەریتانیا جەختی لە بەردەوامی و هەماهەنگيی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە و ڕایگەیاند: هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، بە تایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنانى هێزهكانى پێشمەرگەی کوردستان.