Skip to the content

بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی فەرمانی هەرێمی و لۆگۆی فیرقەکانی سێ و چواری پیادە بەڕێوەچوو

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٤ی شوباتی ٢٠٢٥، لە سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتيی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ موستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی و جەنەڕاڵ کیڤن لیهی، فەرماندەی گشتيی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانان، کونسولى گشتيی وڵاتان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی فەرمانی وەزاری، لۆگۆ و ئاڵای فیرقەکان بە هەردوو فیرقەکانی سێ و چواری پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا گوتی: یەکخستنى پێشمەرگە بەشێکى بنەڕەتییە لە بەدەستهێنانى ئامانجەکانمان، بۆ بنیادنانى سوپاى نیشتمانى و بەرپرسین لە بەرزکردنەوەى تواناى هێزى پێشمەرگە، وەزیرى شۆڕش ئيسماعيل گوتیشی: پرۆسەى چاکسازى و یەکخستنى هێزى پێشمەرگە قۆناغى دژوارى بڕیوە، هەروەها هەنگاوى پێویستمان بۆ یەکخستنى هێزى پێشمەرگە ناوە و بەردەوامیش دەبین تا ڕێکحستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
دواتر سەرۆکی ئەرکان گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان، بە تایبەتی هەردوو فیرقەكانى سێ و چوارى پياده‌، ڕاشیگەیاند؛ لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەردوو فەرماندەیی دەڤەرەکانی (١ و ٢) و دوو فیرقەی ديكه‌ش دروست دەکرێن، هەروەها سوپاسی هاوپەیمانان و هەردوو فەرماندەیی یەکەی حه‌فتا و هه‌شتای کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
پاشان جەنەڕاڵ لیهی فەرماندەی گشتيی هێزەکانی هاوپەیمان له‌ گوته‌يه‌كدا ڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەی بەرز نرخاند لە کارکردنی بەردەوامیان لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی فیرقەکانی سێ و چواری پیادەى کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواستن و ڕایگەیاند؛ پێویستە بە شێوەیەکی دروست کار بکرێت بۆ یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و ئومێدی خواست کە هەردوو هێزەکانی حه‌فتا و هه‌شتا هاوکاريی زیاتر بۆ پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان بکەن.
لە گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پاراستنی یەکڕیزيی ناوخۆیيی هەرێمی کوردستانى کرد و داوای لە پارتە سیاسیيەکان کرد كه‌ ئەوپەڕیی هاوکاری بنوێنن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە. سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیيمانە و پێویستە هەرچی گرفت و کێشە هەن چارەسەر بکرێن و تەواوی هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکرێنەوە کە یەک سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ و یەک ناوەندی ئاراستەکردنیان هەبێت.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا کە: پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی و دوور لە سیاسەت و دەستوەردانی حیزبی بێت و هێزێک بێت تەنها بۆ پاراستنی کوردستان، ڕاشیگەیاند: جیا لەوەی کە ئێمە ئومێدی زۆرمان بە هاوپەیمانەکانمانە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەناو خۆشماندا ئێمە یەکڕیزی و تەبایيی خۆمان بپارێزین و بتوانین کار بکەین بۆ سەرخستنی تەواوی ئەو پرۆژە و پرۆسانەی دێنە بەردەممان.
لە کۆتایيی ڕێوڕەسمەکەدا لۆگۆ و ئاڵا و فەرمانی هەرێمی بە هەردوو فەرماندە لیوا هاشم سیتەیی، فەرماندەی فیرقەی سێ و لیوا ڕوکن زاتیار حەسەن، فەرماندەی فیرقەی چواری پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەخشران.