بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتيی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کۆنفرانسی ساڵانەی بهست

ڕۆژى سێشهممه ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و بهرپرسانى وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوبەرایەتيی پشکنینی گشتی، کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تایبەت بە دامەزراوەییکردنی کاروباری کارگێڕی و بەڕێوەبردن ئەنجام دا.
کۆنفرانسەکە، بە خولهكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگهی ڕزگاريی کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان لیوا حەسەن عەسکەری، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، گوتاری بەخێرهێنانی پێشکەش کرد، تیایدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی بەهێزکردنی بواری پشکنین و بەرنامە و کاری داهاتووی بەڕێوەبەرایەتیيان، لە پرۆسەی پشکنینی گشتی و کارکردن بۆ بهدامەزراوەییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکان لە لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
دواتر عهمید ڕوکن فەرهاد مهحموود، جێگری بەڕێوهبەرى پشكنينى گشتى، ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلی لەسەر وردەکاری و چالاکیيەکانی بەڕێوهبەرایەتيی پشکنین بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە پێی ئەنجامی ڕاپۆڕتی تاقیكاريی پشکنین پێشكەش كرد و تیایدا تەواوی ڕاوبۆچوون و پێشنیازەكانی خستە ڕوو.
لە تەوەرێکی کۆنفرانسەکەدا، بە سەرنج و تێبینی گرنگ و ئاماژەدان بە هەنگاوی کاری داهاتوو و هەماهەنگيی زیاتر لە خوێندنەوە بۆ بەدامەزراوەییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبردن لە قۆناغی ئایيندەدا، لەلایەن فەرماندەکانەوە گفتوگۆیەکی ورد و پێویستی لەبارەوە کرا، بڕیار درا هەنگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان، پاشان لەلایەن بریکاری وەزارەت و سەرۆکی ئەرکان، خەڵات و دیاری بەخشرایە چەندین فەرماندەی لیوا و فەوجەکان، کە پلەی نایابیان هێنابوو، هەروەها خەڵاتکردنی چەند فەرماندەیەکی لیوا و یەکە جیاوازەکان بە هۆکاری گۆڕانکاريی باش و بەرەوپێشبردنی فەوج و لیواکانیان لە ماوەیەکی کاتيی دیاریکراودا.
لە بەردەواميی کۆنفرانسەکەدا، بریکاری وەزارەت گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی کرد، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەپێی داتا و ئامار پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینيوە، گوتیشی: پێویستە ئێوە هەنگاو بنێن بۆ ئایيندەی باشتر و پلانی تازەتر و گۆڕانکاريی باشتر لە ئەرکەکانتان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لەگەڵ داهاتووی هێزی پێشمەرگە خۆتان بگونجێنن، لەم ڕووەشەوە داوای لە فەرماندەی لیواکانی پیادە کرد کە هاوکاريی تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتيی پشکیننی گشتی بکەن، لەپێناو پێشخستنی کارەکانیان.
لە کۆتایيی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی ئەرکان هەڵسەنگاندن و ڕاوبۆچوونی خۆی لەبارەی کۆی کاروبارەکانی پشنکنین دا، هاوکات چەندین سەرنج و تێبنیشی لەسەر باشترکردنی کار و ئەرکەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتيیە گرنگەی وەزارەت خستە ڕوو، ئاماژەی بەوهش دا کە پێویستە بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ساڵانی ٢٠٢٤ و سەرەتای ٢٠٢٥ هاتوونهته ئاراوە، لە ڕووی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵەوە فەرماندەی لیواکان پابەندی بڕیارەکانی فەرماندەی فیرقەکانیان بن بۆ زیاتر بەهێزکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ لەناو هێزی پێشمەرگەدا و پێویستە فیرقەکانیش ڕۆڵی خۆیان لەمبارەیەوە بگێڕن. سەرۆکی ئەرکان بەڵینی دا کە ئەو خاڵانەی فەرماندەکان لە کۆنفرانس پێشنیاریان کردووە، بەپێی توانای وەزارەتی پێشمەرگە کاریان لەسەر بکرێت، هەروەها ڕایشيگەیاند: بنەمای هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، بەدامەزراوەیيکردنی هێزەکانە، بۆیە بنیاتنانی هێزێکی پێشمەرگەی گۆشکراو بە بیروباوەڕی سەربازی و نیشتمانی، کاری لەپێشینەیانە لە وەزارەتدا، لەم ڕووەوه پێویستمان بە دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازی هەیە و بە هەموو تواناشمانەوە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە تێدەکۆشین.