Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥، هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و تیمێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، تاووتوێی کاروباری فیرقەکان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان کرا، هەروەها بارودۆخی هەنووکەییی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پەیوەندیی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان خرایە بەرباس، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی فیرقەکاندا.
جەنەڕاڵ هام خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکان و ئاماژەی بەوە دا؛ هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر بۆ پرۆسەی چاکسازی بە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆکی ئەرکان ڕایگەیاند؛ بەردەوامین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێکهێنانی فیرقەی زیاتر و سەرکردایەتیی دەڤەر بە پاڵپشتیی لۆجستی و هاوکاریی ڕاوێژکاران و دیپلۆماتکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.