جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

ڕۆژى چوارشهممه ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، لیوا ڕوکن هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تۆماس ڕیتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، هاوکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا لە بواری پزیشکی بۆ هێزی پێشمەرگە، کار و پرۆژەکانی داهاتووی تیمی سەربازيی سوپای ئەڵمانیا لە بواری مەشق و ڕاهێنان، پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە خرانه بەرباس.
جێگری سەرۆکی ئەرکان لەگەڵ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پشتگیری هاوپەیمانان و تیمی سەربازيی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گرنگیدانی زیاتر بە بواری پزیشکی، لە چوارچێوەی پرۆگرامی چاکسازی کاری لەپێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە، سەرەرای هەبوونی کەموکوڕی لە کەرتی تەندروستيی پێشمەرگەدا، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی ئەم کەرتە، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی زیاترمان لە هاوکاری و هەماهەنگیيەکانی دۆستانمان لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی هەیە بۆ پێشخستنی بواری پزیشکی.