Skip to the content

شۆڕش ئيسماعيل: وه‌زاره‌تى کاروباری پێشمەرگە بەرەو بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانى هه‌نگاو ده‌نێت

ڕۆژى دووشەممە ٣ى شوباتى ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، بەئامادەبوونی عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و لیوا ڕوکن بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتی، کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین ڕایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانانی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و کاروباری ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ تیمی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرییان لە سەرجەم بوارەکانی چاکسازی ئەنجام دا، هەروەها تاووتوێی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و تایبەتيان سەبارەت بە هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی و بنیاتنانی فیرقەکان و یەک یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد. شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدایە بە دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتی و بنیاتنانی فیرقەی زیاتر هەنگاو دەنێت بەرەو بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانيی کوردستانی، کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی و داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەماندا بێت.
له‌ كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕيار درا هەنگاوی جددی و پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازی بندرێت و پرۆسەکەش خێراتر بكرێت.