Skip to the content

كۆتايى به‌ خولێکی دوو ڕۆژە هات كه‌ بۆ ئەفسەرانی فیرقەی یەکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە كرابووه‌وه‌

لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە بۆ ئەنجامدانی خولەکانی هۆشیاريی نیشتمانی لەناو یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە چەندین خولی جۆراوجۆر لە بواری سەربازی، نیشتمانی، یاسایی و میدیایی لەخۆ دەگرێت، لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، لە بارەگای فیرقەی یەکی پیادە، بە سەرپەرشتيی بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی و بە هاوکاريی بەشی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی فیرقەی یەک، خولێکی تایبەت بە ئەفسەرانی بارەگای فیرقە و لیواکانی بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژی یەکەمی خولەکەدا، لەلایەن لیوا عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانيی وەزارەتی پێشمەرگە، بابەتێک لەژێر ناونیشانی (ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی) پێشکەش کرا، تیایدا پێناسەیەکی هەردوو چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕاگەیاندن کرا و تیشک خرايه‌ سەر پەیوەندی و کاریگەرییەکانی نێوانیان، دواتر ڕۆڵی هەردوو بواری لە بنیاتنان و پاراستنی کیانی نەتەوەیی و گرنگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاستی بەهێزبوونی هەردوو بوارەکە خرايه‌ بەر باس، هەر لەمیانەی باسەکەدا ڕۆڵی هێزی سەربازی، وەک بنەمایەکی ئاسایشی نەتەوەیی و کارامەیيی ڕاگەیاندنی نیشتمانی لە پارێزگاریکردن لە ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئامادەبووان ڕوون کرايه‌وه‌.
بابەتی دووەم لەژێر ناونیشانی (چەمکی جەنگ لە مێژووی فەلسەفەدا) لەلایەن رائد ئارام ناسیح، بەرپرسی هۆبەی پلان و کاروباری مەدەنی لە بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی پێشکەش کرا، کە تیایدا باسی مەترسیيەکانی جەنگ و ڕەنگدانەوە و ئاسەوارەکانی کرد، هەروها تیشکی خستە سەر پەیوەنديی جەنگ و سیاسەت و پرسی ئاشتی، لەمبارەیەوە گوتە و شرۆڤەی ژمارەیەک لە بیرمەندانی جیهانی بە نموونە هێنایەوە.
لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا، بە ئامادەبوونی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیيەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کە پێکهاتبوون لە حاکم کوردەوان مەحموود، سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی لیژنە عەمید محەمەد سدیق و عەمید سلێمان عوسمان و دکتۆر شاخەوان، باسێکی تایبەت بە پرسی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیيەکان پێشکەش بە ئەفسەران و کارمەندانی بەشداربووی خولەکە کرا، لەمیانەی باسەکەدا زانیاريی زانستی و یاساییان لەسەر کاریگەری و ئاسەوارە ترسناکە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و داراییەکانی مادەی هۆشبەر بە ئامادەبووان بەخشی.
لە بەشێکی تری باسەکەدا وانەبێژان ڕۆڵی پێشمەرگەیان لە پابەندبوون و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان بۆ ڕێگری و دژایەتيی ئەم کێشە مەترسیدار و زیانبەخشە بە ئەرکێکی نیشتمانی دانا و بۆ ئەم مەبەستە جەختیان لە گرنگی و بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی هۆشیاری کردەوە.