لیوای چواردەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە زنجیرەیەک سیمیناری هۆشیاری سازکرد

ڕۆژانی ١٣ و ١٤ و ١٥ی شوباتی ٢٠٢٥، لەژێر چاودێريی عمید ڕوکن عیلمی مزوری، فەرمادەی لیوای چواردەی پیادە، بەشی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی لیوا، زنجیرەیەک سیمیناری بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەی فەوجەکانی لیواكه ئەنجام دا.
ئامانجی سیمینارەکان هۆشیارکردنەوە بوو، لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی و سەنگەر و بارەگاکان لەو تۆڕانەدا، هەروەها ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئەفسەر و پێشمەرگەکان گەیەندرا، کە تایبەت بوو بە هۆشیارکردنەوە لە خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکان و مەترسیيەکانی بڵاوکردنەوەی وێنەی بارەگا و چەکەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەفسەر و پێشمەرگە بە جلی سەربازییەوە.
بەشێکی دیکەی سیمینارەکان تایبەت بوو بە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، بۆ ئەمەش جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت هەمووان چاوکراوە بن بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەو ماددە مەترسیدارانە لەناو کۆمەڵگهدا، ئەمەش بە ڕێگریکردن لەو بازرگانانەی کە مامەڵە بەو ماددانەوه دەکەن.