Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٥ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە ئەدریان ئایسلستاین، کونسولی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی باڵای سەربازی و دیپلۆماسيی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری پلاندانان و ڕێکخستنی میلاکات لە وەزارەت و بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی وەزیری پێشـمەرگە ئامادەى بوون، بە گرنگیيەوە باس لە دۆخی ئەمنی و سیاسيی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا. هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیان پێکەوە تاووتوێ کرد. بە ئامانجی بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگيی زیاتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی هۆڵەندا.
لە بەشێکی ديكه‌ى دیدارەکەدا،باس لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی بیری توندڕەوی و داعش و پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی ناوچەکە و پرۆسەی چاکسازی کرا. وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە. لەم پێناوەشدا لە وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
كوسنولى گشتيى هۆڵه‌ندا دڵخۆشيی خۆی به‌ سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ربڕى و پاڵپشتی و پشتیوانيی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی نیشتمانییە، پاڵپشتی و پشتیوانیمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە.