Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی دووشەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لیوا ڕوکن ڕێبوار عەلی کەریم، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، پێشوازی لە تیمێکی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتوون لە ئێڵ کۆڵۆنێڵ ئەلوشا، ئێڵ کۆڵۆنێڵ سامۆی، ئێڵ کۆڵۆنێڵ گابرێل.
ئامانج لەو سەردانەدا، ناساندنی ئەفسەری تازەی بەشی مەشق و ڕاهێنانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان بوو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان، دواتر باس لە چۆنیەتی مەشقپێکردنی فەرماندەی فیرقەکان و فەرماندەی دەڤەر کرا، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت. پاشان پلانی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل و بابەت و نەخشەڕێگەی خوێندنی سەربازی لەو قوتابخانەیە خرایە بەر باس و هەردوولا بەگرنگییەوە لەم پرۆژەیان ڕوانی و ئاماژەیان بەوە دا کە: ئەم پرۆژەیە دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیادنان و دروستکردنی هێزیکی نیشتمانی گۆشکراو بە پرەنسیپ و بنەما سەربازییەکان.
لە کۆتاییدا، تیمی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان دووپاتیان لە بەردەوامی پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە، لە بەرانبەردا جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هاوپەیمانانی کرد و هاوکارییە لۆجستی و ڕاوێژکارییەکانی بە مایەی پێشخستنی توانای هێزی پێشمەرگە وەسف کرد.