Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی كۆتايى به‌ خولێكى دووڕۆژه هێنا

بە ئامانجی بەرزکردنەوە و بەرەوپێشبردنی توانا مرۆیی و پیشەییەکانی پێشمەرگە، ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ١٤ی کانوونی دووەمی٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بە ئامادەبوونی لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی، عەمید شوان مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و عەمید محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی و عەمید ستار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتيی ڕاگەیاندن، کۆتایی بە خولێکی دووڕۆژەی پیشەیی و هونەری هێنا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانیيه‌وه‌ بۆ دوازده‌ کارمەندی هەر دوو بەڕێوەبەرایەتيی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی کرابووەوە.
لە دەستپێکی خولەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەری هۆشیاريی نیشتمانیيەوە گوتەی بەخێرهاتن پێشکەش کرا، هاوکات ئاماژەی بە پلانی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاری دا، کە تیایدا لەپێناو بەرەوپێشبردنی توانا ناوخۆییە پیشەیی و تەکنیکیيەکانی پێشمەرگە، بایەخی پێویست بە کردنەوەی خولەکان دراوە و هەموو هەوڵێک دەدەین جێبەجێیان بکەین.
دواتر بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە گوتەیەکیدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی کرد بۆ ئامادەکردنی خولەکە و تیشکی خستە سەر گرنگی ناوەڕۆک و ڕەهەندەکانی ئەم جۆرە خولانە، کە زۆر پێویستن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانا ناوخۆییەکانی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە بواری ئەرکەکانی هۆشیاری و میدیادا، ئەم بوارانە بەردەوام لە ڕووی زانستی و تەکنیکیيەوە لە گەشەكردن و فراوانبووندان و ئێمەش بۆ ئەوەی وەک پێشمەرگەی کوردستان بتوانین هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە هونەری و تەکنەلۆژییەکاندا هەنگاو بنێين، دەبێت بایەخێکی زۆر بە دەوڵەمەندکردنی توانای زانستی و تەکنیکیمان بدەین و سوود لە زانین و زانیارییە نوێیەکان وەربگرین. بەڕێوەبەری گشتی خۆشحاڵيی خۆیشی له‌ بەرانبەر ئه‌وه‌ نيشان دا کە لە چوار وانەبێژی خولەکە، سيانيان کارمەندی خودی بەڕێوەبەرایەتیيەکانی هۆشیاری و ڕاگەیاندنن و هیواشی خواست ئەم دەرکەوتن و خستنەگەڕەی توانای ناوخۆییمان بەردەوام بێت و پشتگیریشی بۆ درێژەدان بەم پلانە دووپات کردەوە.
لە بەردەوامی بەڕێوەچوونی خولەکەدا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕێنمایيی کارمەندانی بەشداربووی خولەکەی کرد کە پابەندبوون بە کاتەکانی وانەکان و گوێڕایەڵيی تەواو بۆ وانەبێژەکان، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە بابەت و زانیارییەکان وەربگیردرێت و سەرکەوتوانە خولەکە تەواو ببێت.
شایانی باسە خولەکە تایبەت بوو بە هونەری (فۆتۆ، ڤیدیۆ، مۆنتاژ و دیزایين)، كه‌ لە کۆتاییدا بڕوانامە بە بەشداربووان و سوپاسنامە بە مامۆستایانی خولەکە بەخشرا.