Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هـام، فەرماندەی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، کە کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا بەگرنگیيەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ بەئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەويی داعش و بەردەوامیدان بە شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا. هەروەها هەماهەنگيی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوایين گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش تیشکی خرایە سەر.
فەرماندەی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان خۆشحاڵيی خۆی نیشان دا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازيی هێزەکان و ئاماژەی بەوە دا؛ هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.