Skip to the content

فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەڵمانيا پشتگیری بۆ قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل دووپات كرده‌وه‌

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ۱٥ کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لیوا ڕوکن ڕێبوار عەلی کەریم، جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، پێشوازی لە کۆڵۆنێل ریتەر، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمى كوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لە گرنگی دامەزراندنی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل کردەوە، کە بە پرۆژەیەکی ستراتیژی دادەنرێت، بۆ پێگەیاندنی سەربازيی پڕۆفیشناڵ. هه‌روه‌ها گفتوگۆی چڕ لەسەر پلان و بەرنامەکانی خوێندن و پرۆگرامی سەربازی کرا، کە بڕیارە لەم قوتابخانەیەدا پەیڕەو بکرێت.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەى ئەم پرۆژەیە دەبێتە بناغەیەکی پتەو بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانی، کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپە سەربازییەکان ڕاهێنانی پێ بکرێت.
لە بەشێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی ساڵانەی مەشق و ڕۆڵی بنکەکانی مەشقی دهۆک، سلێمانی و کەرکووک کرا، لە ڕووی تواناکانیان و دانانی بەرنامە بۆ کردنەوەی چەندین خول لەمساڵدا.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەڵمانیا پشتیوانيی خۆی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
شايانى باسه‌ قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل بەشێکە لە پرۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، کە بە هاوکاری و پشتیوانيی هاوپەیمانان جێبەجێ دەکرێت.