فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان باسیان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرد، بە تایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نووستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا.
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە ڕایگەیاند: چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیر دەبن، بەمەش قۆناغێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی دێتە ئاراوە.
لەبارەی بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیشەوە وەزیری کاروباری پێشمەرگە گوتی: هەوڵەکانمان بەردەوامن و دەمانەوێت بەم نزیکانە هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی دەست بەکار بن و فیرقەکانیش لە چوارچێوەی ناوچە سەربازییەکاندا جێگیر بکرێن.
فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان، دڵخۆشیی خۆی لە بەرانبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و وەزیری پێشمەرگەی لە بەردەوامبوونی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دڵنیا کردەوە و گوتی؛ ڕیفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیایین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتتان دەبین.