Skip to the content

هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ده‌كه‌ن

ڕۆژى سێشەممە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکى ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتی، جەنەراڵ كێڤن لیهى، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ژمارەیەک لە ئەفسەری باڵای هێزی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکايى، سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تاووتوێ کرا، بە تایبەت لە تەوەری چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دواهەنگاوەکانی پرۆسەکە، گرنگیی پرۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا، بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
دۆخی گشتیی ناوچەکە، پێشهات و ڕووداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.