وەزیری کاروباری پێشمەرگە: ئامانجمانە لە ساڵی نوێدا زۆرترین گۆڕانکاری ئەنجام بدەین
ڕۆژى سێشهممه ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سینچۆل لیم، کونسولی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان و پارک مینوو، جێگری کونسولی گشتیی ئهو وڵاته کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عهبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت ئامادەى بوو، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە و کونسولی گشتیی کۆریای باشوور باسیان لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتیش، شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام و پێداگرین لە گەیاندنی چاکسازی بە ئەنجامی پێویست، ئامانجمانە زۆرترین گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی نوێدا ئهنجام بدهين.
کونسولی گشتیی کۆریای باشوور باسی لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکان و کاری پێکەوەیی کرد، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە قەڵغانی بەرگری و پاراستنی ئاراميی ناوچەکە وەسف کرد، بەرانبەر تێکشکاندنی داعش و مەترسییەکانی تیرۆر، هەروەها ڕایگەیاند: پێشمەرگە لای گەلی کۆریا ناوێکی پیرۆزە.
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا، کونسوی گشتیی کۆریای باشوور باسی لە بنیاتنانی سەنتەرێکی لێکوڵینەوەی ئابووری کرد لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگ و گەورەی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی لایەنی ئابووری و بازرگانيی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ پرۆژەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: دڵخۆشین بە بنیاتنانی ئەم پرۆژەیە لە هەرێمی کوردستان، وەک وەزارەتی پێشمەرگەش پاڵپشت و پشتیوان دەبین و هیوادارین تەکنەلۆژیای سەربازی بەشێک بێت لە پرۆژەکە، تا لە داهاتوودا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لێی سودمەندبێت.