Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە بارەگای فیرقەی چواری پیادەی بەسەر کردەوە

ڕۆژى چوارشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥،شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ ستیڤ بیتنەر، کونسـولی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاريی ئاسایش لـە کونسولخانەی ئەمه‌ریکا، ڕاوێژکارانی باڵای سەربازيی ئەمه‌ریکا و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، به‌شدارييان لـە مەراسیمی کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازیی گرنگ و پێویست، بۆ بارەگای فیرقەی دووی پیادە كرد. کە لەلایەن ڕێکخراوی (سپریت)ی ئەمه‌ریکاييه‌ه‌وه‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسولخانەی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان بنیات نراوە.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی کونسولخانە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمه‌ریکا و هەموو ئەو ڕێکخراوانە دەکەین کە پاڵپشت و پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانن.
لە بەشێکی تری گوتەکه‌يدا، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترامپ کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمه‌ریکا. هه‌روه‌ها ڕايگه‌ياند: ئومێد دەکەین هاریکاری و پاڵپشتییەکانی ئەمه‌ریکا، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام و فراوانتر بن.
پاشان کونسولی گشتیی ئەمه‌ریکا گوتەیەکی پێشکەش کرد و دڵخۆشيی خۆی به‌ کردنەوەی ئەم هۆڵە گرنگ و پێویستانە بۆ پێشمەرگە ده‌ربڕى و ڕایگەیاند: دڵخۆشین ئەمڕۆ لێرە ئامادەین بۆ کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازی بۆ پێشمەرگە، کە لەلایەن ڕێکخراوی سپریتی ئەمه‌ریکايى جێبەجێ کراوە، ئەمەش پەیامی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکایە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.