Skip to the content

زنجیرە خولەکانی هۆشیاریی نیشتمانی بەردەوامن

لە درێژەی زنجیرە خولەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن، نۆیەمین زنجیرە خولی هۆشیاریی دژی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بۆ ئەفسەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای خولەکەدا، عەمید محەممەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتیمانی، تیشکی خستەسەر ئامانجەکانی بەردەوامیدان بەم جۆره خولانە، کە بەئامانجی هۆشیارکردنەوەی زیاتری هێزی پێشمەرگەیە و جەختی لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان و خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ماددەهۆشبەرەکان کردەوە.

لە بەشی یەکەمی خولەکەدا، دادوەر کوردەوان نەقشەبەندی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لە وەزارەتی پێشمەرگە، باسی لە ماددە یاسایی و ڕێنماییەکانی دژ بە ماددەهۆشبەرەکان کرد و سزای یاسایی کەسانی ئاڵوودەبوو و ئەو کەسانەی کە بازرگانی بەماددەهۆشبەرەکان دەکەن، بۆ بەشداربووان ڕوونکردەوە؛ دواتر تیشکی خستەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی ئاڵوودەبوو، لەمبارەیەوە چەند زانیاری و ڕێکارێکی لەبارەی خۆپارێزی و ڕێگریکردن لەو ماددانە بۆ بەشداربووان خستەڕوو. هەروەها جەختی لە هۆشیاریی یاسایی فەرماندەکان بەرامبەر ماددەهۆشبەرەکان کردەوە؛ کە زۆر گرنگە و پێویستە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بایەخی زیاتری پێبدرێت.

لە بەشی دووەمی خولەکەدا، دکتۆر شاخەوان ئەنوەر عەلی، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لەڕووی تەندروستییەوە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکانی لەسەر عەقڵ و جەستەی مرۆڤ شیکردەوە و مەترسییەکانی ڕوونکردەوە؛ بۆ ئەمەش چەندین ڕێنمایی پێویستی بۆ خۆبەدوورگرتن لە مەترسی ماددەهۆشبەرەکان، بۆ سەلامەتیی جەستەیی و عەقڵی، بە ئەفسەرانی ئامادەبوو گەیاند. هەروەها تیشکی خستەسەر نیشانە گشتییەکانی کەسی ئاڵوودەبوو و قۆناغەکانی ئاڵوودەبوون و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.