Skip to the content

‎لێکەوتە یاسایی و ئاسەوارە کوشندەکانی ماددەی هۆشبەر لە سیمینارێکدا تاوتوێکرا

ڕۆژی سێشەممە، ١ی تەمموزی ٢٠٢٥، لە هۆڵی میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەیەمین سیمیناری هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان بۆ ئەفسەران و کارمەندانی فەوجی بەرگری وەزارەت لە لایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدرا.

‎عمید محمد سدیق، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە وتارێکدا جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەناو یەکەکانی هێزی پشمەرگە کردەوە و بە ئەرکی هەمووانی زانی ڕووبەڕووی ئەو کێشە مەترسیدارە ببنەوە.

‎هەروەها دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، باسی لە ماددە یاساییەکان کرد، زانیاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی سزای یاسایی بۆ کەسی بەکارهێنەر و کەسی بازرگانیکار بە ماددەی هۆشبەر خستەڕوو.

‎لە تەوەری دووەمی سیمینارەکەدا، د.شاخەوان، ئەندامی لیژنەکە، باسی زیانی ماددە هۆشبەرەکانی لەسەر لایەنی عەقڵی و جەستەیی کرد و لێکەوتە و ئاسەوارە کوشندەکانی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.