لە فیرقەی سێی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خولێکی دوو رۆژە کۆتاییی هات

لە بارەگای فیرقەی سێی پیادە، کۆتایی بە خولێکی دوو ڕۆژەی هۆشیاریی هات؛ کە بۆ ژمارەیەک ئەفسەری بارەگای فیرقە و لیواکانی سەر بە فیرقە کرابوەوە.
لە درێژەی جێبەجێکردنی پلانی مەشقی ساڵانەی وەزارەت و لە میانەی خولەکانی هۆشیاری، لە بارەگای فیرقەی سێی پیادە خولێکی تایبەت بە ئەرکەکانی هۆشیاریی نیشتمانی و ڕاگەیاندنی سەربازیی بەڕێوەچوو.
خولەکە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند؛ (٣١) ئەفسەری بەشی هۆشیاری، ڕاگەیاندن، بەشەکانی تری بارەگای فیرقە و لیواکانی (٤-٨-٢٧-٢٩) تیایدا بەشداربوون.
لە میانەی خولەکەدا، چەندین وانەی پەیوەست بە ئەرکەکانی ڕاگەیاندنی سەربازی، هۆشیاریی نیشتمانی، یاساکانی مرۆیی، لەلایەن بەرپرسانی بەشەکانی ڕاگەیاندن، هۆشیاریی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکران؛ کە بریتی بوون لە وانەکانی: ڕاگەیاندنی سەربازی - جەنگ لە مێژووی فەلسەفەدا - هۆشیاریی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی- یاسای ناکۆکی چەکداری - ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی، کە لە هەر یەک لە وانەکانی خولەکەدا بە وردی پێناسەی ئەو بابەت و چەمکانە کرا و زانیاری و روونکردنەوەی پێویستیان لەبارەوە خرایە ڕوو.
لە کۆتاییی خولەکەدا، لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەت، فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای بارەگای فیرقەی سێ، بەرپرسانی خاچی سووری نێونەتەوەیی، لە دهۆک و هەولێر بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووان.