Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لە بەغدا ئەنجام دا

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی، لەلایەن فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکاوە بۆ بەغدا، کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و ئەمریکا ئەنجام دا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکاندا، وەزیری پێشمەرگە لە کۆشکی کۆماریی سەردانی د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، بە گرنگییەوە باسیان لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کرد.

وەزیری پێشمەرگە، لەبارەی مووچەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە بارودۆخێكی سەختی داراییدان، بەڵام بە ویست و ئیرادەیەکی باڵای کوردستانییانە، خۆڕاگر و بەردەوامن لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. هیوامان وایە بە زووترین کات لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند جێبەجێ بکرێت و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە خێرایی بنێردرێت".
سەرۆک کۆمار، پشتیوانیی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی؛ بە تایبەت لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە. هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش، لە نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە بەشێکی تری سەردانەکەی وەزیری پێشمەرگە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فەریقی یەکەم مایکڵ کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا(centcom)، لە ڕێوڕەسمی ئاڵۆگۆرکردنی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بەشدار بوو. ستایشی ڕۆڵی باڵای جەنەڕاڵ لیهی-مان، وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و گوتی: "جەنەڕاڵ لیهی- مان، دڵسۆزانە پاڵپشتی و پشتیوانیی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە بووە. بۆ ئەرکی داهاتووی پیرۆزبایی لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین؛ دڵنیاین لە هەر پایەکدابێت دڵسۆزی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەبێت''.
هەر لە مەراسیمەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازییان لە عەمید کیڤن جی لامبرت کرد؛ کە وەک جێگرەوەی جەنەڕاڵ لیهی، لە عێراق و سووریا دەستبەکاردەبێت. وەزیری پێشمەرگە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست و گوتی: "ئومێدمان وایە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر بەرەوپێش بچێت؛ بە تایبەت لە سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاتر هاوکارمان بن و بەردەوام بن لە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە''.

لە کۆتاییی سەردانەکەدا، وەزیری پێشمەرگە سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و قیادەی عەمەلیاتی موشتەرەکەی کرد. لە نزیکەوە دەربارەی لێكتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ، پرسی مووچەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، گفتوگۆیان کرد.