وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد

شۆرش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە هانۆ پێڤکور، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، تیشکخرایە سەر ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان، لە ناویشیاندا وڵاتی ئیستۆنیا بۆ هەماهەنگییان لە ڕابردوودا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، لە ڕابردوودا پێشمەرگە قوربانیی زۆر و فیداکاریی کەموێنەی تۆمارکردووە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق. لە ئێستاشدا، سەرەڕای کێشە داراییەکانی پێشمەرگە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە لە سەنگەرەکاندا پارێزگاری دەکات و مەترسییەکانی داعش دووردەخاتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرباز و ئەفسەرانی وڵاتی ئیستۆنیا، مێژووی هەماهەنگبوونیان هەیە، لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و لە داهاتووشدا بەردەوامدەبین لە پاڵپشتی و پشتگیریکردنی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
هەروەها دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی تری گفتوگۆکانی ئەو دیدارە بوون.