ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆری فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو

بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی، تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لە بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و ڕادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیڵۆ ئەندریاتولا، بۆ کۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ بیزۆتی، بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بە نمایشی هونەریی سەربازییانە لەلایەن ڕاوێژکارانی سوپای ئیتاڵیا لە کوردستان، ئاڵوگۆری فەرماندەکانی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو. دواتر، کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیڵۆ، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانانی کرد و گوتی: "کاری هاوبەشمان بەیەکەوە ئەنجام دا و هەموو ئەو دەسکەوتانە بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدی هاتوون؛ دڵخۆشم کە بەهەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە".
پاشان کۆڵۆنێڵ ستیڤانۆ بیزۆتی، فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کەوا ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم؛ هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان".
لەکۆتاییدا، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزباییان لە فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ فەرماندەی پێشوو خواست. هەروەها وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان بەتەواوی بە ڕاوێژکارانی ئامادەبووی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاند؛ کە ڕۆڵێکی گاریگەرییان لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هەیە.