Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەی فیرقەکانی پێنج و شەشی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەرکان، بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی فیرقەکانی پێنج و شەشی پیادە، نوێنەرانی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو، کۆڵۆنێڵ سال، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، کۆڵۆنێڵ نیلس ڤێرهۆڤ، بەرپرسی دەستەی ڕاوێژکاران، تیمێکی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەی ئامادەکارییەکان بۆ ڕاهێنانی بەتواناکردنی ستافی فیرقەکانی پێنج و شەشی پیادە بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاووتوێی دوایین بەرەوپێشچوونەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ڕاهێنانی بەتواناکردنی ستافی فیرقەکانی پێنج و شەشی پیادە و بەربەستەکانی بەردەم هەر دوو فیرقەکە کرا. هەروەها گفتوگۆ لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگیکردن لە نێوان فیرقەکان و دروستکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە نێوان لیواکان و فیرقەکانی پیادە کرا. جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە کارەکانی سەرکردایەتیی دەڤەرکان کرایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە کرایەوە، کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دا واژۆ کراوە؛ بەتایبەت خشتەیەک دانراوە بۆ سەرخستنی ئەرکی فیرقەکان لە داهاتوودا؛
کە بە پێی میکانیزمێکی گونجاو، لەپێناو یەکخستنەوەی ژمارەیەک لە هێزە جیاوازەکان و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەی فیرقەی تازە و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کار کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەمووان هاوڕابوون کە بە ئەرک بینینی زیاتری فیرقەکان، سەنگەرەکان
و ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشتر و تۆکمەتر دەبن و سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ بەهێزتر دەبێت. دواتر بە سەرنج و بیروڕا گۆرینەوە لەسەر باشترکردنی کاروبارەکانی هەردوو فیرقەی پێنج و شەشی پیادە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.