Skip to the content

خولی چالاکی زانیاری پێشکەوتوو لە وەزارەتی پیشمەرگە بەکۆتاهات

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی لیوا عوسمان محەمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، عەمید شوان مەحمود جێگری بەڕێوەبەری گشتی، کۆڵۆنێڵ نیلس ڤێرهۆف، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە خولێکی دوو ڕۆژە لە ژێر ناونیشانی ئۆپەراسیۆن و زانیاری سکیورێتی (چالاکی زانیاری پێشکەوتوو) هات، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاری نیشتمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕگەیاندن بە هاوکاری تیمی ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی میدیایی هاوپەیمانان، بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری ساز کرابوو.

بەکارهێنانی ئامرازەکانی گەیاندن و کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆن و زانیاری سکیورێتی، میدیا و کاریگەری لەسەر تاکەکان، ئاسایشی زانیاری و ئاسایشی ئەلیکتڕۆنی، زانیاری هەستیار و رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی چالاکی زانیاری ئۆپەراسیۆنی، وانەکانی خولە دوو ڕۆژییەکە بوون و لە لایەن ئەفسەرانی بەشداربوو لەسەر ئەو بابەتانە پرسیار و سەرنجی جیاجیا خرانەڕوو.

لە مەراسیمی کۆتایی خولەکەدا، لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی، سوپاسی ڕاهێنەران و ستافی مامۆستایان و وانەبێژانی هاوپەیمانانی کرد بۆ هەماهەنگی کردن و رێکخستنی ئەم جۆرە خولانە، کە رۆڵی دەبێت بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی توانستی هۆشیاری هێزی پێشمەرگە و زیاتر ئاشناکردنیان بە زانیارییە پێشکەوتووەکانی ئۆپەراسیۆن و زانیاری سکیورێتی و پاراستنی زانیاری ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو. کۆڵۆنێڵ نیلس ڤێرهۆف، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان(جۆکات) لە هەرێمی کوردستان، ستایشی ئاستی ئەفسەرانی بەشداربووی خولی چالاکی زانیاری پێشکەوتووی کرد.
لە کۆتاییدا، لەلایەن عمید محمد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتیمانی، دیاری رێزلێنانی پێشکەشی وانەبێژانی خولەکە کرا و بڕوانامە بەخشرایە ئەفسەرانی بەشداربوو.